User account menu

  • ورود
خانه
تدارک کمونیستی

Main navigation

  • خانه

دەستی ئه‌مپریالیست و زایۆنیستەکان لە کوردستان ببڕێت!

مسیر راهنما

  • خانه
  • دەستی ئه‌مپریالیست و زایۆنیستەکان لە کوردستان ببڕێت!

دەستی ئه‌مپریالیست و زایۆنیستەکان لە کوردستان ببڕێت!

 

کرێکاران و ڕەنجبەرانی کوردستان،

لە ڕۆژانی ڕابردوودا شانۆگەرییەکمان بینی لە جەنگی دەروونی بۆ ئامادەکردنی زەمینەکانی هەڵایساندنی ئاژاوە و شەڕی ناوخۆ لە کوردستان. لەلایەکەوە، سەرۆک کۆماری تاوانکاری ئەمریکا چەندین جار باسی ناردنی چەک بۆ کوردستانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێزە کوردییەکان بە خوازەڵۆکانە لەم پێداویستییانە کەلکیان گرتووە. ئەو ئەم کلکە نەشیاوەی بە هۆکاری دڵساردبوون لە هێزە کوردییەکان ناودێر کرد. لەلایەکی ترەوە، بەرپرسانی حیزبە کوردایەتییەکانی نیشتەجێی هەرێم لە چاوپێکەوتنەکانیاندا جەختیان لە ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە کردۆەتەوە و خۆی تڕامپیان بەرپرسی ڕێگەگرتن لە چوونە ناو قۆناغی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناو ئێران ناوبردووە. بە واتایەکی دیکە، ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە بەرپرسیارێتی شکستی خۆیان لە سوودمەندبوون لە ڕووداوەکانی مانگەکانی ڕابردووی ئێران خستووەتە ئەستۆی ئەمریکا.

ڕاستی بەڵام جیاوازە. ئێستا دەر دەکەوێت کە بۆردومانی پاسەکانی سنوور و ناوەندە سەربازییەکانی شارە کوردییەکان لە ڕۆژەکانی سەرەتای جەنگی داگیرکەرانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە کردەیەکی لەپێش دارێژراو بووە، و هەواڵەکانی ناردنی چەک بۆ کوردستان لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکا و خۆی تڕامپەوە بەباشی نیشانی دەدات کە بەرەی ئیمپریالیستی زایۆنیستی لە هێرشە داگیرکەرانەکەی بۆ سەر ئێران، پشتی بە توانای ئۆپۆزسیۆنی کەمپ‌نشین و چەکداری کوردستان بەتایبەت بەستبوو، لە گواستنەوەی چەک بۆ جەرگەی ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ یان ناردنی ئەم پیادە سەربازە بۆ سنوورەکانی ئێران و هەروەها هیوایەکی تایبەتی هەبوو بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە، بەرەیەکی نوێ لە جەنگی خوێناوی داگیرکەرانەیاندا لە کوردستان بکەنەوە و بە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە، کۆمەڵگە بەرەو کارەسات بەڕێ کەن.

ئەمجارەیان بەڵام هاوسەنگی هێز گۆڕابوو. هەم هێزی سەربازی ئێران و هەم هاوپەیمانەکانیان لە عێراق، لە ساتەکانی یەکەمی جەنگەوە بە چڕی دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی پێشگیرانە بە هێرشی موشەکی و درۆنی بەرامبەر بە بنکەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبە جیاجیاکان کرد، و هاوکاتیش کۆمەڵگەی کوردستانی ئێران بچووکترین نیشانەی پشتگیری کردن لە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبەکان و ناڕەزایەتی چالاکانەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی نیشان نەدا. لەبەر ئەمە بوو کە سەرۆکانی حیزبەکانی هەرێم ناچار بوون یەک لە دوای یەک ڕاگەیاندنەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە وەرگرتنی چەکی سەربازی لە ئەمریکا ڕەت بکەنەوە. هەر ئەو حیزبانەی کە لە پێش دەستپێکردنی جەنگ و کاتێک کەشتیە جەنگیەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس وەک هەڕەشە دامەزرابوون، لە هاوپەیمانییەکی پێنج‌لایەنی و لە بەرامبەر پاشایەتیخوازان بە هیوای بەرپشک بوون لە ئاژاوەی شەقامە، بۆ هێرش ددانیان تیژکردبووەوە!

لەو زەمەنەی کە بە یەکەمین بۆردومانی بنکە و کەمپەکانی حیزبە چەکدارە کوردییەکان، خەڵکی کوردستان بە بانگەوازەکانی ئەم حیزبانە وەڵامی ئەرێنییان ئەداو و ئەم حیزبانە بۆ دوو یا سێ ڕۆژێکیش بووبا دەیانتوانی بازاڕی کوردستانی ئێران دابخەن زۆر تێنەپەڕیوە، بەڵام تێگۆڕان گەلێکی بنچیینەیی ڕوویانداوە. ئێستا و بە گۆڕینی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئەمە خۆی کۆمەڵگە تا سەر ئێسقان چینایەتی کوردستانە کە بۆتە بەربەستی بەردەم ئەم حیزبانە. دەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانی سەرمایەداری لە ئێران و بە تێکەڵابوونی زیاتری بۆرژوازی فارس و تورک و عەرەب و بەلووچ، و لە لایەکی دیکەش بە تێکەڵبوونی کرێکارانی کوردستان لە بازاری کاری ئێراندا، ڕۆڵی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کوردستان بۆ هەمیشە لە دەست ئەم حیزبانە ستانراوەتەوە.

کرێکاران، زەحمەتکێشان، مرۆڤانی بەشەڕەف و رزگاری خوازانی کوردستان!

ئەم دۆخەی کە ئێستا پێشهاتووە، بۆ یەکەمجار ئەم ئەگەرەی ڕەخساندووە کە بەبێ ترس لە دەست بەسەرداگرتنی ناڕەزاییە مافخوازەکانمان لەلایەن حیزبەکانی دانیشتووی ناو هەرێمەوە، دەست بە سازدانی ڕێکخراوەگەلی هاوپیشەیی و سیاسی خۆمان بکەین. هەرچەندە، کۆنەپەرستی ئیمپریالیستی زایۆنیستی لە هەوڵەکانی خۆی بۆ کردنەوەی بەرەیەکی خوێناوی شەڕ لە کوردستان، پاشگەز نەبۆتەوە و گوتە قۆڕیات و چەقەسووی سەرۆککۆماری لۆمپەنی ئەمریکا بەباشی ئەمە نیشان دەدات. ئەم هاندانە بەرامبەر کورد و کۆمەڵگەی کوردستان لە قۆناغێک لە مێژوودا ڕوو ئەدات کە شەڕ لە ئاسمانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەتا ئەمڕۆکەش زیانی قورسی لێکەوتۆتەوە و هەروەها لەلایەکی دیکەش ڕێگەی بۆ ناڕەزایی دژ بە تاڵانکاری زل سەرمایەدارانی ناوخۆیی کردووەتەوە. ناڕەزاییەک کە لەناخی شەقامدا لە ململانێیەکی دژی هەردوو هێز و لایەنی کۆنەپەرستی، هەم لە دژی کۆنەپەرەستی زایۆنیستی - ئیمپریالیستی و هەم دژی ڕاکەرانی ناوخۆیی سەرمایەداری جیهانی، لە گەڕ دایە.

نابێت ڕێگە بدرێت نە هێزە پێشمەرگەکان و نە ئەمریکا تەنانەت بوێری هاندانی بەشێک لە کۆمەڵگە بە خۆ بدات. ئێستا کە شەقامەکانی ئێران، لە تاران و تەورێز و سنە و کرماشان و ... شایەتی بەرخۆدانی چاونەترسانەی کۆمەڵی خەڵک، هەم لە بەرانبەر دوژمنی دەرەکی کە هەڕەشەی لەناوبردنمان دەکات، هەم بەرامبەر بە دوژمنانی چینایەتی جەماوەری ڕەنجدەر لە ناو قالبەندی نیزامی ئێران کە ڕۆژانە بە گران و بەرز کردنەوەی نرخەکان، پشتی ئێمە دەچەمێنێتەوە و دەیەوێت بە هەر بەهایێک بێت ئیمتیاز بدا بە دوژمنی دەرەکی هەین، با لەم دەرفەتە کەلک وەرگرین و چاوەڕوانی دابینکردنی چارەنووسی خۆمان نە بە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، نە بە دەستی بەکرێگیراوەکانیان، و نە بە دەستی سەرمایەداران و مفتەخۆرانی ناوخۆ نەبین. ئامادەبوون لە شەقامدا و کردەوەی کاریگەر لە ناودا کە ببێتە هۆی ڕێکخستنی هەرە زیاتری شەقام، کووتکێکە بە دەمی هەر ئەو کەسەی کە بەرامبەر مانەوەی چینە کرێکارەکان بە دژایەتی وەستاوە. لە شارەکانی وەک ورمێ بە دوو پێکهاتەی قەومی تورک و کورد، بەهێزکردنی شەقام و ئامادەبوون لەگەڵ هاوچینەکانمان دەتوانێت خەیاڵاتی خاوی دوژمنان زیاتر پووچەڵ بکاتەوە. ئەگەر لە شارە کورییەکانەوە بۆ کارکردن چووینەتە پایتەخت یان شارە گەورەکان، با لە شەقامدا و لەگەڵ هاوچارەنووسانی خۆماندا دەرکەوین و بە دەنگێکی بەهێزەوە بەو کوردانی بەکرێگیراوی ژێرفەرمان کە کوردایەتییان وەک کاڵایەک لە شێواو بازاڕی سەرمایەداری جیهانیدا بۆ فرۆشتن داناوە و ساڵانێکە لە نێوان ئێمە و براکانی کرێکاری تورک و عەرەب و لوور و بەلووچدا جیاوازییان خستووەتەوە، خۆگرانە بلێین «نا».

ئێمە ئەتوانین و بەپێویستە دەسپێشخەری هەڵوێست لە چەنگ کۆنەپەرستانی سیاسی بستێنینەوە و لەم ساتەدا شەقامە کە زیاتر لە هەر ئامرازێکی دیکە، دەتوانێت ببێت بە هۆکاری یەکێتی ئێمەی کرێکاران و ڕەنجدەران، جا بە هەر ڕەگەز و ڕەنگ و زمان و نەتەوەیەک.

بژی یەکێتی ڕەنجدەران

مەرگ و نەمان بۆ زایۆنیست و ئیمپریالیستەکان!

ببرێتەوە دەستی تاڵان و تاژانکارانی بژیوی گەل، چ فارس بن یان کورد!

 

رێخراوەی تەداروکی کۆمۆنیستی. یەکەی کوردستانی

۶/۳/۱۴۰۵

https://tadarok.org

tadarok@yandex.com

https://t.me/ttadarok

  • Log in or register to post comments